وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق دەڵیت " بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ڕزگاربووانی ئێزدی، کە سەر بە وەزارەتەکەمانە، داوایەکی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردبوو بۆ ئەوەی ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی، زەوییان پێبدرێت، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە داواکە پەسەندکرا".
پێنج شەممە، ١١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، حەسەن خەوام، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ڕایگەیاند " پاش پەسەندکردنی بڕیارەکە، وەک قۆناغی یەکەم، ٢٦٢ ژنی ڕزگاربووی ئێزدی زەوییان پێدەدرێت و بڕیارە دوو هەزار ڕزگاربووی دیکەش لە داهاتوودا زەوی وەربگرن".
هەروەها لەبارەی دروستکردنی جێگایەکی تایبەت بە ژنانی ڕزگاربوو، وتەبێژەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ووتی "پارچە زەوییەک بۆ درووستکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەت بە کاروباری ژنانی ئێزدی لە شاری موسڵ تەرخان دەکرێت، کە یەکەی تایبەت بە پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دەروونی، ڕاهێنان و کاروباری دیکەی تایبەت بە ژنانی ئێزدی لەخۆدەگرێت، بە ئامانجی تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە".
لە پەرلەمانی عێراقدا یاسای ژمارە هەشتی ساڵی ٢٠٢١ تایبەت بە ژنانی ڕزگاربووی دەستی داعش هەیە، هەر بە پێی یاساکە سەرجەم ڕزگاربووانی دەستی داعش زەویان پێ بدەرێتێ و هەواڵی ڕزگارکردنی ئەو ژنانە بدەن کە ئێستا لە دەستی داعشدان.