کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە لە بارەی لافاوەکەی ڕۆژی ٩ـی ئەم مانگە و هاوخەمی بۆ زیان لێکەوتوان دەردەبڕێت و داوای بەشداریکردن لە کەمپینەکان دەکات، کە بۆ یارمەتی هاوڵاتیانی چەمچەماڵ ڕاگەیاندراوە.
هەینی، ١٢ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پرسە و سەرخۆشی لە قوربانیانی ئەو کارەساتە دەکەین و هاوبەشی خەمیانیین، ئەرکی حکومەت و دامەزراوە فەرمییەکانە بەردەوام بوجەی پێویست و ئامادەکاری پێش وەختیان بۆکارەساتە سروشتییەکان هەبێت و ئەرکی خۆیان بەرامبەرهاوڵاتیان جێبەجێبکەن و زیان لێکەوتووان قەرەبووبکەنەوەو بەخێرایی ژیان لەوناوچانە ئاسایی بکەنەوە".
"کەنەکە وێڕای سوپاسی هەموو ئەو دەزگا و لایەن و کەسانەی بەهانای زیان لێکەوتوانەوە چوون دەکات، هاوکات داوکارە کە هەموو لایەک پشتیوانی لەوکەمپینانە بکەن، کە بۆ هاوکاری زیان لێکەوتووانەی ئەو کارەساتە درووستکراون". کەنەکە وا دەڵێت.
ڕۆژی ٩ تا ١١ ـی ئەم مانگە شەپۆلێکی بارانبارینی بەلێزمە باشوری کوردستان و ناوچەکەی گرتەوە و بوە هۆکاری دروستبوونی لافاو لە چەند ناوچەیەک و لە ئەنجامدا تا ئێستا لە باشوری کوردستان پێنج هاوڵاتی گیانیان لە دەستداوە.