وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، دەڵێت دوو لیژنە لە پەروەردەی سلێمانی پێکهاتوە و ڕاسپیردراون بۆ خەمڵاندنی زیانی قوتابخانەکانی چەمچەماڵ، بە پێی ئەنجامی ڕاپۆرتی لیژنەکە قوتابخەنەکان قەرەبوو دەکرێنەوە.
سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە میدیای نزیک لە پارتی ڕاگەیاندوە "وەزارەتی پەروەردە پارە بۆ نۆژەنکردنەوە و پاککردنەوەی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکان دەنێرێت. هەروەها پەرتووکیش بۆ سەرجەم ئەو قوتابییانە دەنێرێت کە بەهۆی لافاوەکەوە پەرتووکەکانیان لەناوچوون یان زیانیان بەرکەوتووە".
لە بارەی ئاسایی بونەوەی دەوامی قوتابخانە و خوێندنگاکان، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ووتی "لەو قوتابخانانەی کە زیانیان بەرکەوتووە تاقیکردنەوەکانیان دواخراوە و دەوامیش ڕادەگیرێت تاوەکو کاری نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکانیان تەواو دەبێت، بەڵام لە قوتابخانەکانی دیکە دەوام ئاسایی دەبێت".
بە پێی زانیارییەکان بڕیارە تا ڕۆژی یەک شەممە، ڕاپۆرتی لیژنەی پەروەردە تەواو ببێت.
ڕۆژی ٩ تا ١١ ـی ئەم مانگە شەپۆلێکی بارانبارینی بەلێزمە باشوری کوردستان و ناوچەکەی گرتەوە و بوە هۆکاری دروستبوونی لافاو لە چەند ناوچەیەک و لە ئەنجامدا تا ئێستا لە باشوری کوردستان پێنج هاوڵاتی گیانیان لە دەستداوە.