وەزیری بەرگری تورکیا، یەشار گولەر، لەبارەی هۆکاری بوونی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عەفرین ئاماژەی بەوەکرد، لەپێناو گەڕانەوەی ئاوارەکان و سەقامگیریی ناوچەکە لە عەفرینن.
یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا، لە چوارچێوەی خستنە ڕووی سیاسەتی وەزارەتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، ڕایگەیاند " پێویستە پەکەکە و هەموو درێژکراوەکانی، پابەندی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە بن و لە هەموو ناوچەکان بە سووریاشەوە، کۆتایی بە کارە تیرۆریستییەکانیان بهێنن و بەبێ مەرج چەکەکانیان ڕادەست بکەن".
"لێدوان و شیکردنەوەی میدیا جیهانییەکان دەریدەخەن، هێزە ناوچەییەکان لە رێگەی بەکارهێنانی هەسەدەوە، دەیانەوێت زەمینەی جیۆپۆلەتیکی نوێ دابڕێژن. ئەمە نەک هەر بۆ سووریا، بەڵکو بۆ تورکیاش هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە"، وەزیری بەرگری تورکیا وای ووت.
لە کاتێکدا قۆناغێکی نوێ لە ٢٧ شوباتی ٢٠٢٥ دەستی پێکردوە بە بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بۆ پرۆسەی "ئاشتی و دیموکراسی" کە دەوڵەت ناوی ناوە "تورکیای بێ تیرۆر"، بەڵام لە ٣٠ تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا پەرلەمانی تورکیا ماوەی مانەوەی سوپای تورکیای لە ناو خاکی عێراق و سوریا بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە درێژ کردەوە، لە کاتێکدا پارتی کرێکارانی کوردستان بە چەند قۆناغێک بەدەم داوای ڕێبەرەکەیانەوە چوون بۆ هەنگاونان بۆ پرۆسەکە.