سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکانی عێراق، باس لەوە دەکات سەردانی چەمچەماڵ دەکەن و قەرەبووی زیان لێکەوتوان دەکەنەوە.
هەینی، ١٢ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، ، جەعفەر بەتات، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناحیەی قەرەهەنجیری سەر بە پارێزگای کەرکوک، ڕایگەیاند " برایانمان لە هەرێمی کوردستان لیستێکی تەواو ئامادە دەکەن لەبارەی زیانەکان، کە مرۆیی بن یان ماددی، هاووڵاتییان بە گوێرەی یاسا قەرەبوو دەکرێنەوە".
سەبارەت بە سەردانکردنیان بۆ چەمچەماڵ، ئەو بەرپرسەی عێراق ووتی "ئێستا بەدواداچوون بۆ دۆخی کەرکووک دەکەین، پێنج گوند رێگەیان لێگیراوە، کارەبا و رێگەیان نییە، ئەگەر ئەمانەمان چارەسەر کرد، بەدڵنیاییەوە سەردان دەکەین ".
"کەمتەرخەمی هەیە لەوەی پەیوەندیدارە بە زێدەڕۆیی بۆ سەر رێڕەوی ئاو بەتایبەت لە دۆڵەکاندا و هۆکاری ئەو زیانە زۆرە بوون، کە لە کەرکووک روویداوە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە پردەکانەوە کە وایکردووە رێڕەوەکە تەسک ببێتەوە و شەپۆلی ئاوەکەی بەهێز کردووە". فەریق ڕوکن جەعفەر بەتات وا دەڵێت.
ڕۆژی ٩ تا ١١ ئەم مانگە شرپۆلی بارانی بە لێزمە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەی گرتەوە و بوە هۆکاری دروستبوونی لافاو لە چەند ناوچەیەک، کە زیانی گیانی و ماددی بەدوادا هات، شەوی ڕابردوو وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، شەش کەس لە عێراق گیانیان لە دەستداوە. هەر بە هۆی لافاوەوە لە هەرێمی کوردستانیش سێ کەس گیانیان لە دەستدا، کە دوانیان لە چەمچەماڵ و یەک منداڵیش لە کەلار.