عەبدوڵای کوێخا موبارەک کەسایەتی سەربازی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان لە چەمچەماڵ لە بارەی تەقەکردنی " پێشمەرگەکانی " لە ئاسایش لە چەمچەماڵ رایگەیاند " ئەو بابەتە دوور و نزیک هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە".
لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی کە رۆژی ١٢ ی کانوونی یەکەم بڵاویکردەوە دەڵێت " کاک عەتا بەرپرسی نوسینگە و نوێنەری بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو پێشمەرگانە لای عەبدوڵای کوێخا موبارەکن و بە شێوەی پیلانگێڕی ویستویانە ئاژاوە دروست بکەن، هیوادارم مەبەست لەو قسانە تۆمەت دروستکردن و ناو زڕاندن نەبووبێت و ئەو بابەتە دوور و نزیک هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نیە، هەروها میدیاکانی پارتی دەڵێن کێشەی کۆنی کۆمەڵایەتیە".
لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت " ڕاستی بابەتەکە ئەوەیە کێشەکە نە پیلانگێڕیە، نە کێشەی کۆمەڵایەتیە، بەڵکو بەهۆی پەیوەست نەبوونی پێشمەرگەکان بووە بەو ڕێکار و سەرەگرتنەی ئاسایشەکان پەیڕەویانکردووە بۆ وەرگرتنی هاوکاری لە ڕێکخراوی خێرخوازی بارزانی".
وردەکاری زیاتر دەدات و دەڵێت " ئەو دوو پێشمەرگەیە لەگەڵ دایک و خێزانیان چوونە بۆ هاوکاری وەرگرتن، هیچ ناکۆکیەکی کۆنیان لەگەڵ کارمەندەکانی ئاسایشدا نەبووە، بەتایبەت کاکە ئاکۆ کارمەندێکی بە ڕەوشت و کوڕی کەسایەتی و بنەماڵەیەکی زۆر جوان و خۆشەویستی شاری چەمچەماڵە و لە ساڵی ١٩٨٨وە دۆستایەتی و تێکەڵیەکی پڕ لە ڕێز و خۆشەویستیمان هەیە و بۆ تەنها جار و تەنها دەقەیەک دڵمان لە یەکتر نەشکاوە".
رۆژی هەینی لە کاتی دابەشکردنی هاوکارییەکان بەسەر لێقەوماوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ شەڕ لە نێوان تیمێکی هێزەکانی ئاسایش و دوو پێشمەرگەی فەوجێکی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ڕوویدا و سێ ئاسایش بریندار بوون کە یەکێکیان باری تەندروستی خراپە.
دوانیوەڕۆی هەینی عەتا محەمەد، لێپرسراوی نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند'' رێكخراوی بارزانی سەرقاڵی دابەشكردنی كەلوپەل بوون لە چەمچەماڵ و كەسێك چەند جارێك ئیستفزازی كردووە، دیارە بە پلان بووە، كەسێكی تری لەگەڵ بووە.''
وتیشی'' راستەوخۆ تەقەی لە سێ كارمەندی ئاسایش كردووە و سێ كەس برینداربوون، تەقەكەرەكە پێشمەرگەیە لای عەبدوڵای كوێخا موبارەك.''