کەشناسێک: باران و بەفر دەبارێت


پسپۆری بواری کەشناسی ئاراز جەبار پێشبینی خۆی راگەیاند و دەڵێت "ئەمڕۆ شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین لەدەریای ناوەراستەوە بەشێک لەناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، کاریگەری ئەم شەپۆلە درەنگانی ئەمشەو فراوان ئەبێت بۆ سەرجەم ناوچەکانمان و باران بە شێوەی پچر پچر و بە رێژەی کەم تا هەندێک کاتیش بەرێژەیەکی مامناوەند ئەبارێت".

لە نووسینێکدا کە ئەمشەو هەینی ئاراز جەبار بڵاویکردەوە دەڵێت" سبەی شەمەش کاریگەریەکانی بەردەوامی ئەبێت و ئاسمانی هەرێم زۆربەی کاتەکان هەوری تەواو ئەبێت و تا کاتەکانی سبەی شەو بارانبارینی پچر پچر لەسەر ناوچەکانمان بەردەوامی ئەبێت و پلەکانی گەرماش بەڕاورد بە ئەمڕۆ بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردەوە ٢ تا٣ پلە نزمدەبنەوە و ئەگەری بارینی بەفرێکی کەمیش ئەبێت لەسەر ناوچە شاخاویەکان لەبەرزی ١٥٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە" .

" لەماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلەدا پێشبینی هەورە بروسکە و تەرزە و بارانی بەخوڕ ناکرێت و بەگشتی بارانێکی ئاسایی و لەسەرخۆ ئەبێت مەترسی دروستبوونی لافاویش لە ناوچەکانمان بەگشتی لەئارادا نابێت" ( ئەو پسپۆرە وا دەڵێت).

ئەو پێیوایە لەکاتەکانی نێوان سبەی شەو بۆ پێش نیوەرۆی رۆژی یەکشەممە لەگەڵ کۆتای هاتنی بارانەکە لە زۆربەی ناوچەکانی سنوری پارێزگای نەینەوا و هەولێر و کەرکوک و گەرمیان و سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئەگەری دروستبوونێکی تەم و مژێکی چر ئەبێت و مەودای بینین کەم دەبێتەوە بۆ کەمتر لە ٥٠٠ مەتر و لەهەندێ شوێنیشدا بۆ کەمتر ١٠٠ مەتر بەتایبەت لەسنوری کەرکوک و دەوروبەری سەنتەری هەولێر تەمەکە چرتر ئەبێت پێویستە شۆفێران بەوریایەوە هاتوچۆبکەن لەسەر رێگاکان.

.

 




PM:09:26:12/12/2025