گەورەڕاوێژکاری ئەردۆغان دەڵێت" ئەوەی لە تورکیادا هەیە کۆتاییهێنانە بە تیرۆر نەک چارەسەری پرسی کورد، ئەوانەی جیاواز بیردەکەنەوە بە هەڵەداچوون و کورد شوێنی ئەو چوار دەوڵەتەیە کە تیایەتی و بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بیرۆکەیەکی ئیمپریالیستییە كە ئیسرائیل پشتیوانی دەكات ".
محەمەد ئوچوم، گەورە راوێژکاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە میانی بەشداریكردنی لە کۆنفرانسێکی زانکۆی مودانیا لە بورسا رایگەیاند"دەوڵەتی توركیا وەک پرسێکی کورد مامەڵەی لەگەڵ ئەو پرۆسەیە ناكات، بەڵکو وەک کۆتایی هێنان بە تیرۆری سیستماتیک مامەڵەی لەگەڵدا كردووە، ئەوانەی هەوڵدەدەن ئامانجی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" بە چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە ببەستنەوەو بەدوای دانوستاندا دەگەڕێن لەسەر بنەمای مافی ناسنامە، یان ئەوەتا جیاوازییە بنەڕەتییەکە نابینن یان بە ئەنقەست تێکەڵی دەكەن".
محەمەد ئوچوم وتی" ئیتر کێشەی کورد لە تورکیادا نەماوە، كێشەی كورد كێشەیەكی دەرەكییە کە ئیمپریالیزم سەپاندویەتی".
ئاماژەی بەوەشکرد" دەوڵەتی کوردی لە تورکیا، تورکیایە، سوریا دەوڵەتێکە بۆ کوردەکانی، عێراق و ئێرانیش هەروا، بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بیرۆکەیەکی ئیمپریالیستییە كە ئیسرائیل پشتیوانی دەكات، پرسی کورد لە تورکیا یەکلایی بووەتەوە؛ ئەوەی دەمێنێتەوە نەهێشتنی تیرۆرە لەلایەن تورکیاوە".
جەختیشكرد دوای ئەوەی پرۆسەی راگوزەر بەرەو تورکیای بێ تیرۆر تەواو بوو، هەلومەرجەکانی چارەسەری پرسی کوردی دەرەوەش كۆتایی دێت.