مەزڵوم عەبدی جەخت لەسەر رێککەوتنی ١٠ ئازارو سیستەمی نا ناوەندی دەکاتەوە

فەرماندەی گشتی هەسەدە دووپاتی کردەوە کە پابەندن بە رێککەوتنی ١٠ی ئازار و وتیشی" ئەنجومەنی سوریای دیموکرات رۆڵێکی گرنگی هەیە لە سوریای نوێدا، بەو پێیەی چەتری سیاسی هێزەکانی سوریای دیموكراتە".

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە وتەیەكدا بە بۆنەی  یادی (١٠) ساڵەی دامەزراندنی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات رایگەیاند" هێزەكانمان پابەندن بەڕێككەوتنی ١٠ی ئازارەوە چونكە بنەمایەكە بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی سوریای دیموكراتی نا ناوەندی، كه خاوەنی ئازادی و دادپەروەری و یەكسانی بێت."

مەزڵوم عەبدی جەختیش دەكاتەوە " قۆناغی ئێستا بەرپرسیارێتییەكی هاوبەش بەسەر هەمواندا دەسەپێنێت بەحۆرێك كە بەرژەوەندی سورییەكان لەسەروی هەموو شتێكەوە بێت و ئەنجومەنی سوریای دیموکرات رۆڵێکی گرنگی هەیە لە سوریای نوێدا، بەو پێیەی چەتری سیاسی هێزەکانی سوریای دیموكراتە".

فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە ئاشکراشی دەکات کە کێشەکان لە سوریا  لەچەند رۆژێکی كەمدا چارەسەر نابن، جەختی لەوەشکردەوە کە لە ئێستادا وڵاتانی دراوسێ وەک جاران دوژمنایەتیان ناکەن و گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. 

مەزڵوم عەبدی وتیشی" کارکردن لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە حەسەکە، دێرزور و رەقە بەردەوامە، پێویستە ئەم شارانە بە پێی پرەنسیپی نا ناوەندی خۆیان بەڕێوەببەن و هەروەها زۆر بابەتی تر هەیە کە کاری لەسەر دەکرێت، چ لە ڕووی ئیداری و چ لە ڕووی دیکە".




PM:12:41:13/12/2025