ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، کەمال کەرکوکی دەڵێت " ڕێژەی دەنگ و کورسیی بەدەستهاتوی لایەنەکان، دەبێتە تاکە پێوەری دابەشکردنی پۆستەکان، چ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و چ لە حکومەتی فیدڕاڵ".
شەممە، ١٣ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، کەمال کەرکوکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێداوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "پۆستی سەرۆک کۆمار مافی کوردە، لەناو کوردستان تایبەت نییە بە لایەنێکی دیاریکراو، پێویستە ئەو پۆستەش بەگوێرەی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن بێت و مافی ئەو لایەنەیە کە دەنگی زیاتری هێناوە(پارتی زۆرترین دەنگی هێناوە)".
لە بارەی هەڵوێستی پارتەکەی لەسەر کەسایەتی و لایەنەکان بۆ وەرگرتنی پۆستەکان، کەمال کەرکوکی ووتی " پارتی هێڵی سووری لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە، تەنیا مەرجیان ئەوەیە هەرکەسێک هەر پۆستێک وەردەگرێت، دەبێت دان بە مافەکانی گەلی کورددا بنێت".
زیاتر لە ١٣ مانگە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە و تا ئێستا کابینەی دە پێکنەهاتوە، بڕیارە ڕۆژی سێ شەممەی ئەم هەفتەیە پارتی و یەکێتی جارێکی دیکە کۆببنەوە لە پێناو گەیشتن بە ڕێکەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.