ئەمریکا: ئامادەین سیستمی بەرگری بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەین

هەڵسوورێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ئاشکرایدەکات، وڵاتەکەی کاردەکات بۆ جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری لە هەولێر. 

جۆشوا هاریس، شەممە ١٣ی کانونی یەکەم، ڕایگەیاند'' بە جیدی و خێرایی لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە هەولێر و بەغدا کار دەکەن بۆ جێگیرکردنی سیستمی بەرگری.''

وتیشی'' جێگیرکردنی سیستەمەکە بە مەبەستی پاراستنی ژێرخانی هەستیاری هەرێمی کوردستان لە هێرشەکان.'' 

ئەو بەرپرسە داوا لە عێراقیش دەکات رووبەڕووی پارەدارکردنی نایاسایی و دزینی سامانی عێراق ببنەوە. 

ئەمە لەکاتێکدایە، ٢ی ئەم مانگە، بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و هەناردەی گاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران، بووە هۆی پچڕانی زیاتر لە ٨٠٪ـی کارەبای هەرێمی کوردستان و بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق.

هاوکات، هەر لە چەند مانگی ڕابردودا، چەندین جار لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرش کرایە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. 




PM:11:45:13/12/2025