هاکان فیدان: هەسەدە پشتیوانی وبوێری راستەوخۆ لە ئیسرائیلەوە وەردەگرێت

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرای دەکات کە هەسەدە" پشتیوانی وبوێری راستەوخۆ لە ئیسرائیلەوە وەردەگرێت  وهرگیز دژی رژێمی ئەسەد جوڵەی نەکردووە ودەڵێت" پێویستە بە زوترین کات هەسەدە بەرەو یەکگرتن و جێبەجێکردنی رێککەوتنی ١٠ی ئازار هەنگاو بنێت".

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە (تیڤی نێت)ی توركی،  جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەری دۆخی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لە رێگەی دیالۆگەوەیە نەک هێز وەک لە رێککەوتنی ١٠ی ئازاردا هاتووە و ئاماژە بەوەش دەکات کە دۆخی ئێستا هەڕەشەیە بۆسەر سەقامگیری سوریا و تورکیا و وڵاتانی دراوسێ.

فیدان جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە بە زوترین کات هەسەدە بەرەو یەکگرتن و جێبەجێکردنی رێککەوتنی ١٠ی ئازار هەنگاو بنێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند" بیانوی بەرەنگاربونەوەی داعش چیتر پاساوێک نییە بۆ درێژکردنەوەی هەژموون و دەسەڵاتی هەسەدە، لەبەر ئەوەی هەسەدە كە رێكخراوی پەکەکە/یەپەگە بڕبڕەی پشتی پێكدەهێنن، هەرگیز شانبەشانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دژی رژێمی ئەسەد جوڵەی نەکردووە و بوێری و پشتیوانی راستەوخۆ لە ئیسرائیلەوە وەردەگرێت."

سەبارەت بە پڕۆسەی داماڵینی چەک لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستانیشەوە وتیشی" تورکیا بە شەفافیەتێکی بەرز و زۆر باش مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە دەکات و هیچ شتێكیشمان نەبیستووە لەبارەی ئەوەی رێکخراوەکە بەنیازە چی بکات".

هاكان فیدان لەبارەی کێشەکان لە باشوری سوریا جەختی لەوەکردەوە کە کێشەی لە خودی قەبارەكەیدا نییە، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە ئیسرائیل دەستوەردان دەکات بۆ ئەوەی ژینگەیەکی مەترسیدار دروست بکات و، دۆخی باشوری سوریا رەنگە لە ئێستادا گەورەترین ناوچەی مەترسیداربێت بۆ ئێمە.




AM:10:44:14/12/2025