قوباد تاڵەبانی: لێکۆڵینەوە لە بەرپرسانی چەمچەماڵ کراوە و دوردەخرێنەوە

‌قوباد تاڵەبانی- جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەمچەماڵ

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، قوباد تاڵەبانی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە چەمچەماڵ، لە بارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و ڕێکارەکانیان بۆ لافاوەکەی چەمچەماڵ خستە ڕوو و دەڵیت " ئەمەی ڕوویدا خراپ بوو، بەڵام بیرمان نەچێت دەکرا خراپتر بێت".

یەک شەممە، ١٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، قوباد تاڵابانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "بە پێی دەرئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوە، دەکرا هەندێک ڕێکار بگیرابایەبەر کە زیانی لافاوەکەی کەم دەکردەوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسانی قەزاکە کراوە و داوای بەخشینیان کردوە".

بەرپرسانی قەزای چەمچەماڵ کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە، ئەم بەرپرسانەن، قایمقامی چەمچەماڵ، سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ، سەرۆکی شارەوانی شۆڕش، بەڕێوبەری پەروەردەی چەمچەماڵ، بە پێی قسەی جێگری سەرۆکی حکومەت، هەریەک لەم کەسانە داوای بەخشینیان کردوە لە پۆستەکەیان، وە بەڕێوبەری ناحیەی شۆڕش لیکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە و داوای بەخشینی نەکردوە.  

لە بارەی کاریگەری ڕوداوەکەوە قوباد تاڵەبانی دەڵیت "بە دڵنیایەوە لە هەڵسەنگاندنی لیژنەکە و زانکۆی سلێمانی و چەرمۆ باس لەوە کراوە کە هۆکارەکە گۆڕینی ڕێگای ئاوە، دەبێت ڕێکار بگیرێتەبەر و ناتوانین ئەو ماڵانە بڕوخێنین کە دروستکراون، دەبێت بزانین ئەمە زیانی زیادە ڕۆییە و تەنیا حکومەت و دەوڵەمەند زیادە ڕەوی ناکا خەڵکیش ئەیکا، خەڵکیش دەچن بە زێدەڕۆی ماڵ دروست دەکەن، ئەگەر بە یاسایی دابەشکردنی زەوی هەبێت ئەمە ڕوونادات" قوباد تاڵەبانی بە ڕۆژنامەنووسانی ووت "هەر باسی کۆمپانیا دەکەن کە بەرپرسیارە لە زیادەڕەوی، نازانم باسی کام کۆمپانیا دەکەن، ئەوە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە دەردەکەوێت". 

لە بارەی قەرەبوکردنەوەی هاوڵاتیانی زیان لێکەوتوو جێگری سەرۆکی حکومەت ووتی "خزمەت هەر ماددی نیە و قەرەبوکردنەوە هەر بە پارە ناکرێت و دوو هەژمارمان کردۆتەوە بۆ کۆمەکی خەڵکی چەمچەماڵ، سوپاسی خەڵکی خێرخواز و ئەو لایانەن دەکەین کە قەرەبووی زیان لێکەوتوان دەکاتەوە". 

ڕۆژانی ٧ تا ١١ ئەم مانگە شەپۆلێکی بارانی بەلێزمە کوردستان و ناوچەکەی گرتەوە و بوە هۆی دروستبوونی لافاو لە چەند ناوچەیەک و تا ئێستا پێنج هاوڵاتی گیانیان لە دەستداوە و ١٩ هاوڵاتی تر بریندارن، بە پێی ئامارە سەرەتاییەکان لە چەمچەماڵ زیاتر لە ٥٠٠ ماڵ و ١٠٠ دووکان زیانیان بەرکەوتوە. 




PM:05:41:14/12/2025