باوکی مامۆستا ئاڤێستا یوسف: تەرمێک دۆزراوەتەوە لە زێی گەورەدا، کچەکەی منە

‌ئەو تەرمەی لە زێی گەورەدا دۆزراوەتەوە

بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران دەڵیت  " کاتژمێرێک پێش ئێستا تەرمێک لە زێی گەورە دۆزراوەتەوە و تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی سۆران لەگەڵ تیمە تەندروستییەکان خەریکن و دەیانەوێت بە شێوەیەکی زانستی هەڵیبگرنەوە".

یەک شەممە، ١٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، ڕەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە میدیاکانی نزیک لە پارتی ڕاگەیاند " تا ئێستا نازانین ناسنامەی تەرمەکە کێیە، بەڵام وا دیارە زۆر دەمێکە لەناو زێی گەورە مابێتەوە، بۆیە بۆ پزیشکی دادی سۆران دەگوازرێتەوە و لەوێ توێکاری بۆ دەکرێت، تەنیا گومان دەکرێت تەرمەکە هی مامۆستا ئاڤێستا بێت، تا لە پزیشکی دادی توێکاری بۆ نەکرێت هیچ شتێک دەرناکەوێت". 

باوکی مامۆستا ئاڤێستا بە میدیایەکی دیکەی نزیک لە پارتی وتوە " لەلایەن شێخ بابۆوە (مەلا مستەفا مەسعود بارزانی) تەلەفۆنم بۆ کراو و وتی وەرە، تەرمێک دۆزراوەتەوە و کچەکەتە،  ئێستاش وا دەچمە ئەوێ". 

٥ نیسانی ٢٠٢٥، ئاڤێستا یوسف، تەمەن ٢٧ ساڵ لە قەزای مێرگە سوری سەر بە ئیدارەی سۆران کەوتە ناو ڕوباری تەنگاتوور و بێسەوشوێن بوو و لەگەڵ گەڕانی بەردەوام بۆ تەرمەکەی نەتواندرا بدۆزرێتەوە و لە ٥ تەمووزی ئەمساڵدا نوێژی مردوو لەسەر تەرمی ئامادەنەبووی ئاڤێستا کرا. 




PM:06:21:14/12/2025