پارێزگاری هەولێر دژی بەکارهێنانی شەقامەکانە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ڕێکاری نوێی بۆ چۆنیەتیی کۆکردنەوەی کۆمەک ڕاگەیاند و بڕیاریدا بە ئەنجام نەدانی کۆکردنەوەی هاوکاری لە شەقامەکان. 

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر، یەکشەممە ١٤ی کانونی یەکەم، لە ڕاگەیەندراوێکدا، بڵاویکردەوە'' سەرەڕای ئەوەی شاری هەولێر و دانیشتووانەکەی وەک هەمیشە پێشەنگ بوون لە گەیاندنی هاوکاری بۆ لێقەوماوان، بەڵام تێبینیی ئەوە کراوە دیاردەیەک سەریهەڵداوە کە تێیدا کەسانێک بە ناوی کەمپینەوە شەقامە گشتییەکان دەگرن و قەرەباڵغی و بێزاری بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان دروست دەکەن.''

ئەماژەبەوەشكراوە، بەپێی، بڕیارە نوێیەکە، بەکارهێنانی شەقامە گشتییەکان بۆ کاری خێرخوازی بەبێ مۆڵەت بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کراوە. 

هاوکات، دەسەڵاتی تەواو دراوەتە هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ کە ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر کەسێک بگرنەبەر کە سەرپێچیی ئەم بڕیارە دەکات. 

ئەم بڕیارانە دوای ئەوە دێن کە یەکشەممەی ڕابردوو شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بەهۆیەوە لافاو لە قەزای چەمچەماڵ و دەڤەری گەرمیان دروست بوو، زیانی گیانی و ماددیی زۆری لێکەوتەوە.




PM:08:26:14/12/2025