سودانی بڕیاری یەكخستنی كارتی نیشتمانی و كارتی زانیاری دەردەکات

سەرۆک وەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی سەبارەت بە پڕۆژەی کارتی نیشتمانی یەکگرتوو و تێکەڵکردنی لەگەڵ کارتی زانیاری ئەنجامدا و بڕیاری یەكخستنی هەردوو كارتەكەی دا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویکردەوە'' کۆبوونەوەکە پێداچوونەوەی بە ڕاسپاردەکانی پڕۆژەکە کردووە، کە بریتی بوون لە پەسەندکردنی سیستەمی کارتی نیشتمانی یەکگرتوو وەک سیستەمی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی زانیارییە کەسییەکانی هاووڵاتیان، زیادکردنی داتای کارتی نیشتەجێبوون (زانیاری) و بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی یەکگرتوو بەبێ پێویستی بە کارتی زانیاری.'' 

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیران ڕێنمایی کرد کە پڕۆژەکە بەخێرایی تەواو بکرێت، كامڵ كردنی کارتی نیشتمانی یەکگرتوو و فراوانکردنی تواناکانی بۆ ئەوەی بەڵگەنامەکانی دیکەش بگرێتەوە، بەمەش ئاماژەیەکی ئەلیکترۆنی یەکگرتووی نیشتمانی دروست بکرێت بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتیان بە کەمکردنەوەی ژمارەی بەڵگەنامەی پێویست و کەمکردنەوەی پێویستی سەردانی ڕاستەوخۆ بۆ فەرمانگەکانی حکومەت. 

بە گشتی پڕۆژەکە بریتییە لە نوێکردنەوەی سەرجەم فەرمانگەکانی کارتی ناسنامەی نیشتمانی و ژێرخانەکانیان لە هەموو شارەکاندا.




PM:09:47:14/12/2025