بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، هەڵمەتێکی مەیدانی بۆ پشکنینی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەلافاوەکەی چەمچەماڵ و تەکیە و شۆڕش زیانیان بەرکەوتووە، دەستپێبكات.
پرۆسەكە بەمەبەستی دیارییکردنی بڕی زیانەکان و تەواوکردنی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان دەستپێدەکات و شێوازەکەی بە جۆرێک رێکخراوە، بارگرانیی لەسەر شانی هاووڵاتییان دروستنەکات.
بەپێی زانیارییەکان، خاوەن ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکان پێویست ناکات سەردانی بنکەکانی هاتووچۆ بکەن، بەڵکو تەنیا ئۆتۆمبێلەکانیان لەبەردەم دەرگای ماڵەکانی خۆیاندا ئامادە بکەن و رایبگرن، تا لیژنەکە خۆیان دەچنە سەر ئۆتۆمبێلەکان و پشکنینی بەڕادی بۆ ئەنجام دەدەن.
لە قۆناغی یەکەمدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت، تیمەکان تەنیا سەردانی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکەن کە دەکەونە ناو سەنتەری شارۆچکەی چەمچەماڵەوە، پرۆسەکە لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوامی دەبێت و تیمەکان دەگەنە شارەدێکانی شۆڕش و تەکیە و ناوچەکانی دیکەش، تا پشکنین بۆ کۆتا ئۆتۆمبێلی زیانلێکەوتوو نەکرێت، کارەکانی لیژنەکە راناوەستێت.