ڕێبوار تەها: ڕێگا نادەین مافیاکان، زەوی شیوەکان بفرۆشن


 پارێزگاری کەرکوک دەڵێت "پێشتر شیو هەبوە و ئێستا خەریکە شیو نامێنێت، بە هۆی زیادەڕویەوە و فرۆشتنی ئەو زەویانە لەو ناوچانەدا، کە هەتا ئێستا بەردەوامە و ئێمە ڕێکاری پێویست دەگرینەبەر". 

دوو شەممە، ١٥ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، لە بارەی لافاوەکەی ١١ ئەم مانگە لە کەرکوک، ڕایگەیاند " پڕوپاگەندەی ئەوە دەکرا گوایە خانومان ڕووخاندووە، ئێمە قبووڵی ناکەین شیوەکان بکرێنە زەوی و بکرێنە خانو، دواتر ماڵی هاووڵاتییان ئاوی تێبچێت بەهۆی لافاوەوە".

لە بارەی ئەو ناوچانەی بە هۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتوە، پارێزگاری کەرکوک ووتی " زۆربەی زیانەکان بەر سنووری ناحیەی لەیلان کەوتووە، کە زەوییەکان کشتوکاڵین، هەروەها لە سنووری ناحیەی قەرەهەنجیریش لەوێ زیان بە پرد و ئاوەڕۆ گەیشتووە، لە شۆراویش چەند ماڵێک ئاوی تێچووە". 

"لیژنەیەکی قەرەبووکردنەوەمان هەیە، تاوەکو سبەی کارەکانی خەمڵاندنی زیانەکان تەواو دەبێت و دواتر دەینێرین بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان"، ڕێبوار تەها لە بارەی زیانەکانەوە وای ووت. 

 ڕۆژانی ٧ تا ١١ ئەم مانگە شەپۆلێکی چڕی باران بارین لە کوردستان و ناوچەکەدا باری و بەهۆیەوە لافاو لە چەند جێگایەک دروستبوو،  بە کۆی گشتی لە باشوری کوردستاندا پێنج هاوڵاتی گیانیان لە دەستدا و ١٩ هاوڵاتیش بریندار بوون. 


 




PM:05:27:15/12/2025