ئاسایشی هەولێر: ڕێگری لە چەند بەرپرسێكی پارتی کراوە بچنە سلێمانی


ئاسایشی گشتی هەولێر لە ڕونکردنەوەیەکدا دەڵێت " ئەمڕۆ دووشەممە لە بازگەی سنووری کۆیە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی سەر بەو بازگەیەوە، ڕێگری لە چەند بەرپرسێکی پارتی و پاسەوانەکانیان کرا کە بەرەو سلێمانی بچن".

دوو شەممە، ١٥ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، لە ڕاگەیاندراوێکدا بەڕێوبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە کە ڕێگری لە چەند بەرپرسێکی پارتی و پاسەوانەکانیان کرا کە بەرەو سلێمانی بچن، هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە کە  "پێیان گوترا کە بەبێ هەماهەنگیی پێشوەختە ناتوانن بچنە سنووری سلێمانی، ئەمەش جێگەی سەرسووڕمان بوو، چونکە هاتوچۆ بۆ هاوڵاتییان لە سەرانسەری هەرێم ئازادە و هەموو پاسەوانەکانیش مۆڵەتی چەک هەڵگرتنیان هەیە".

لە کۆتایدا ئاسایشی هەولێر ووتی " داواکارین ئەم ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە و لێپێچینەوەش لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە ئەو دۆخەیان دروست کرد".

بە پێی زانیارییەکان، هەر ئەمڕۆ لە بازگەی دێگەڵە ڕێگری لە فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ، د. یوسف گۆران، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی کردوە لەوەی بچنە هەولێر، لە بازگەی سماقولیش ڕێگری لە لوقمان وەردی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی كراوە بچێتە ناو هەولێر. 

لەو بارەیەوە، لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی ڕاپەڕینی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ڕایگەیاند " ئەمڕۆ لە رێگەی چوونم بۆ هەولێر، لە بازگەی سماقوڵی ڕێگەیان نەدا داخڵی هەولێر ببم و گەڕاندیانمەوە، لە بازگەکەی پارتی، ئەفسەرێک بە ڕێزەوە هات و پێی گوتم، فەرمان کراوە ڕێگە بە چوونە هەولێرت نەدەین".
بە پێی بەداواداچونەکانی سپی تا ئێستا ئەو بەرپرسانەی پارتی کە ئاسایشی هەولێر باسیان دەکات، نە لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا نە لە جێگای دیکە ناویان نەهاتوە. 

ئەم ڕووداوانە لە نێوان بازگەی شارەکانی ژێر دەسەڵاتی هەردوو حزبدا ڕوودەدات، لە کاتێکدا بڕیارە سبەینێ شاندی دانوستاندنکاری هەردوو حزب کۆببنەوە لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت. 





PM:05:48:15/12/2025