سودانی لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێم بڕیارێک دەدات

ئەنجومەنی وزاری عێراق بۆ ئابوری، بڕیاردرا بە چاوخشاندنەوە بە ئەژماركردنی داهاتە نانەوتییەكان لە هەرێم بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی هەرێم.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتی كۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وزاری بۆ ئابوری كرد، كە تایبەت بە كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەت و زیادكردنی داهاتەكان و تێدا ژمارەیەك بڕیار دەركران. 

یەکێک لە بڕیارەکان، لیژنەی وزاری پێكهێنرا بەمەبەستی چاوخشاندنەوە بە ئەژماركردنی داهاتە نانەوتییەكان لە هەرێم بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی هەرێم، كە لەئێستادا وەكو بڕە پارەیەكەی دیاریكراو دەخرێتە حسابی وەزارەتی دارایی.

بەشێکی دیکەی بڕیارەکان: 

- وەزارەتی پلاندانان، نوێكردنەوەی پێویست بكات بۆ راپۆرتی تایبەت بە یەكخستنی پلە بۆ هەمو فەرمانبەران 

- پێداچونەوەی خێرا بە دەرماڵە و موچەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق (پەرلەمان، كۆمار، ئەنجومەنی وەزیران) لەگەڵ  یەكسانیی لە موچە و دەرماڵەی هەمو كارمەندانیان.


- كەمكردنەوەی رێژەی سەرپەرەشتی و چاودێری پرۆژە نوێیەكان، هەروەها هاوردەی نیشتمانی كە تەنیا كاڵا بنەڕەتییەكان لەخۆبگرێت. 

- بەهێزكردنی كاركردن بە سیستەمی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە لە دەستەی گومرگەكان.

- پەرەپێدانی كۆكردنەوەی پارەی كارەبا و چاوخشاندنەوە بە پێناسی ئێستاو پشتبەستن بە وەرگرتنی ئۆتۆماتیكی لە هەمو كەرتەكان.

- بەرزكردنەوەی راسپاردە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ چاوخشاندنەوە بە پاڵپشتی بەرهەمی گەنم.

- چاوخشاندنەوە بە كۆبۆنی خۆراك و چاكسازیكردن تێیدا، ئاڕاستەكردنی بۆ ئەو كەسانەی كە بەڕاستی شایستەن لە چینە لاوازەكانی كۆمەڵگا. 


ئەمە لە کاتێکدایە، تەنها ١٦ ڕۆژی لە ساڵی ٢٠٢٥ ماوە و تا ئێستا چارەنوسی سێ مانگی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دیار نییە. 





AM:12:03:16/12/2025