لە هەرێمی کوردستان سیستمی ئاڵوگۆڕی دۆلار دەگۆڕێت

سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر، ئاشکرایدەکات، سیستمی ئاڵوگۆڕی دۆلار دەگۆڕێت و رێژەی دۆلاری سپی لە مامەڵەکاندا بۆ ٢٨٪ کەم دەکرێتەوە.
 
سیامەند مەولوود لە نوێترین لێدوانیدا، باسی لەوەکرد، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی بازاڕ، بڕیاردراوە بە جێبەجێکردنی رێژەی نوێی دۆلاری شین و سپی لە کاتی گۆڕینەوەدا لە ئەمڕۆ سێشەممەوە، سیستمەکە لە ٥٠٪ شین و ٥٠٪ سپیەوە  دەگۆڕێت بۆ ٧٠٪ شین و ٢٨٪ سپی و ٢٪ی دۆلاری پەنجایی. 

 بەپێی ئەم بڕیارە، لەمەودوا هەر کەسێک یان بازرگانێک بڕێک پارە لە بازاڕی دراوی هەولێر بکڕێت یان ئاڵوگۆڕی پێوە بکات لە هەر ١٠٠ دۆلارێک، ٧٠٪ دۆلاری بە چاپی نوێ (شین) و ٢٨٪ دۆلاری بە چاپی کۆن (سپی) پێدەدرێت، لە کاتێکدا پێشتر نیوە بە نیوە بوو.

وتیشی'' نزیکەی ١٠ رۆژە ئەم سیستەمە (٧٠ بە ٣٠) لە بازاڕەکانی سلێمانی و دهۆک جێبەجێ دەکرێت، بەڵام لە هەولێر وەک خۆی مابووەوە. ئەم جیاوازییە وایکردبوو هەولێر زیان بکات و بڕێکی زۆر دۆلاری سپی لە بازاڕی هەولێر کەڵەکە ببێت و کۆببێتەوە.'' 




AM:09:53:16/12/2025