فیفا: هاندەرانی زاخۆ خەڵاتی باشترین هاندەریان بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) رایگەیاند'' هاندەرانی یانەی زاخۆ، خەڵاتی باشترین هاندەری جیهانیان بردەوە.''

ئەمڕۆ سێشممە ١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، بۆ یەکەم جار هاندەرانی یانەیەکی کوردی کە هاندەرانی یانەی زاخۆن خەڵاتی باشترین هاندەری جیهانیان بردەوە. 
 
عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ، دەڵێت'' ئەو هەستە وەسف ناکرێت، ئێمە پێشوەختە قسەمان لەگەڵ فیفا کردبوو و زانیارییان لێ وەرگرتبوین، بەڵام ئێستا زانیمان بووینە براوە".
 
سەرۆکی یانەی زاخۆ سەرکەوتنەکەی بۆ یەکگرتنی هەر چوار پارچەی کوردستان گەڕاندەوە و سوپاسی هەموو ئەوانەی کرد کە دەنگیان بە زاخۆ داوە.

بڕیارە ئەمشەو نوێنەری زاخۆ بەشێوەی ئۆنلاین بەشداریی لە ڕێورەسمەكەی فیفا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بكات و لە لایەن سەرۆكی فیفا پیرۆزبایی لێ دەكرێت.

هاندەرانی یانەی زاخۆ لە رۆژی یاری یانەکەیان بەرامبەر یانەی حدود لە وەرزی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق، وەکو وەفایەک بەرامبەر ئەو منداڵانەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، هەزاران بوکەڵەیان فرێدایە ناو یاریگا، هەر ئەمەش وایکرد فیفا ئەو هەڵوێستەی هاندەرانی یانەکە بەرز بنرخێنێت و بۆ خەڵاتی زە بێست بەربژێر بکرێن.




PM:01:13:16/12/2025