بڕیارە ئەمڕۆ شاندی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام کۆببنەوە، تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکەش تایبەت دەبێت بە گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە بەغداد.
بە گوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا هەنگاوە کردەییەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم تاوتوێ دەکرێن، لەگەڵ چۆنیەتی داڕشتنەوەی کارنامەی حکومەت بە شێوەیەک کە لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت. هاوکات پرسی یەکخستنی دەنگی کورد لە بەغداد بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشهاتە سیاسییەکان بەشێکی دیکەی ئەجێندای کۆبوونەوەکە دەبێت.
پێکهاتەی شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم کۆبوونەوەیەدا بریتییە لە قوباد تاڵەبانی، رێواز فایەق و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران.
لە بەرامبەردا، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتووە لە هۆشیار زێباری و پشتیوان سادق، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حزبە.