بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی تایبەت بە قەرزی سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خستەڕوو.
رۆژی سێسەممە شێروان عەوڵا بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ ڕایگەیاند" قەیرانی دارایی لە ساڵی ٢٠١٤ تا ساڵی ٢٠٢٥ کاریگەریی نەرێنیی لەسەر سەرجەم سێکتەرەکان هەبووە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش پشکیان لەم زیانانە بەرکەوتووە".
وتیشی" جگە لە قەیرانی دارایی، دەرکەوتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (سۆشیاڵ میدیا) و گواستنەوەی ڕێکلامەکان بۆ ئەو پلاتفۆرمانە، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی داهات و قازانجی تەلەفزیۆن و کەناڵەکان".
بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن باسی لەوەشکرد، لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە، پێشنیازێکیان ئاراستەی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان کردووە و دواتر لە ئەنجوومەنی وەزیران کاری لەسەر کراوە و پەسەند کراوە. بەگوێرەی بڕیارەکە، حکومەت لە ٥٠%ــی قەرزی کەڵەکەبووی سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن خۆش دەبێت، ئەمەش وەک هاوکارییەک بۆ ئەوەی بتوانن پابەندبوونی داراییان جێبەجێ بکەن.
سەبارەت بە مەرجەکانی بڕیارەکە، ناوبراو جەختی کردەوە کە کەناڵەکان دەبێت لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا ئەو ٥٠%ـەی قەرزەکەی کە دەمێنێتەوە، بە یەک گوژمە بدەنەوە.
شیروان عەوڵا هۆشداریی دا ئەگەر لەو ماوەیەدا قەرزەکە نەدرێتەوە، ئەوا بەگوێرەی زانیارییەکان ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە، لەجیاتی ئەوەی کەناڵەکانیان دابخرێت یان پەخشەکەیان ڕابگیرێت.