کۆبونەوەی ئەمڕۆی یەکێتی و پارتی هیچ ئەنجامێکی نەبوو


کۆبونەوەی باڵای نێوان پارتی و یەکێتی کە ئەمڕۆ لە پیرمام بەڕێوەچوو، هیچ ئەنجامێکی نەبوو، بە پێی زانیاریەکانی مەڵپەڕی سپی میدیا کە لە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە هەولێرەوە دەستی کەوتوە، هەردوو لایەنی بەشداربوو لەسەر بۆچونەکانی خۆیان موکوڕ بوون  لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم.

سێ شەممە، ١٦ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، دوای کۆبونەوەی باڵای نێوان پارتی و یەکێتی سەرچاوەیەک بە سپی میدیای ڕاگەیاند " لە بارەی دۆسیە جیاوازەکانی نێوانیان بۆ کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و پۆستەکانی عێراق هەردوو لا موکوڕبوون لەسەر هەڵوێستی خۆیان لە بارەی پۆستەکانەوە، وە هیچ وادەیەکی نوێش بۆ کۆبونەوەی داهاتوو دیاری نەکراوە". 

ئەمڕۆ لە پیرمام شاندنی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبونەوە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری، و  شاندەکەی یەکێتیی بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی بوو، هەتا ئەم کاتەش هیچ ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشسی تایبەت لەسەر ئەنجامی کۆبەنەوەکە بە فەرمی ڕانەگەیاندراوە. 

ئەمە لە کاتێکدایە زیاتر لە  ١٣ مانگە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوە و تا ئێستا ئەو دوو لایەنە لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ ڕێکنەکەوتون، پارتی و یەکێتی یەکتر تۆمەتبار دەکەن، بە هۆکاری دروست نەکردنی حکومەتی نوێ، لە ١١ تشرینی دووەمی ئەم ساڵەوە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، دوای ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەش ئەو دوو لایەنە لە هەرێمی کوردستان توانیویانە زۆرترین کورسی بەدەست بهێنن، بەڵام نە لە هەرێم و نە لە عێراق ڕێک نەکەوتون لەسەر پۆستەکان.





PM:08:01:16/12/2025