بەڕێوبەری گشتی کارەبای گەرمیان، باس لەوە دەکات بە هۆی هاتنی سەرماوە خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبای نیشتمانی زیادی کردوە و کارەبا کەمبۆتەوە بۆ ١٥ کاتژمێر لە شەو و ڕۆژێکدا.
سێ شەممە، ١٦ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، حازم کەریم، بەڕێوبەری گشتی بەڕێوبەرایەتی کارەبای گەرمیان ڕایگەیاند "تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەم دۆخی کارەبا باش بوو و ڕۆژانە ١٧ بۆ ١٨ کاتژمێر کارەبا دەدرایە هاوڵاتیان، بەڵام لەدوای هاتنی شەپۆلی سەرماوە خواست لەسەر کارەبا زیادی کردووە و ئێستا ڕۆژانە نزیکەی ١٥ کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دەدرێت".
سەبارەت بە جێبەجێکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری "پڕۆژەی ڕووناکی" لە گەرمیان، ئەو بەڕێوبەرە دەڵیت "بەڵێن وایە لەدوای مانگی ئاداری ٢٠٢٦، ئامادەکارییەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی لە گەرمیان دەستپێبکات، گەرمیان دابەشی پێنج زۆن دەکرێت، سەرەتا لە چوار زۆنی ناو شارەکان و دواتر بۆ گوندەکان جێبەجێ دەکرێت."
لە ماوەی حکومڕانی هەرێـی کوردستان یەکێک لە کێشە بنەڕەتیەکان کە تا ئێستا چارەسەری کۆتایی بۆ نەکراوە هەبوونی کارەبای ٢٤ کاتژمێریە لە تەواوی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی حکومەت لە ئێستادا لە بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکان پرۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری دەستی پێکردوە، بەڵام تا ئێستاش بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم سودمەند نەبوون لەم پرۆژەیە، ئەوەشی سودمەندە گلەیی لە بەرزی نرخی کارەباکە دەکەن.