وەزارەتی تەندروستی عێراق فۆرمی دامەزراندنی بۆ دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگا پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستان کارا کرد.
سێ شەممە، ١٦ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند " بە ڕەزامەندی و ڕێنمایی ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیری تەندروستی، فەرمانگەی پلاندانان و گەشەپێدانی سەرچاوەکان داوا لە دەرچووانی کۆلێژەکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی عێراق (پزیشکیی ددان، دەرمانسازی، کۆلێژە تەکنیکییەکان) و پەیمانگە پزیشکی و تەندروستی و تەکنیکییەکان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٣-٢٠٢٤) دەکات کە خوازیارن فۆرمی ئەلیکترۆنیی دامەزراندن لەسەر میلاکی وەزارەتەکەمان پڕبکەنەوە، دوای پەسندکردنی خشتەی بودجە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە و بەپێی پێویستیی وەزارەتمان، بڕیار لەسەر دامەزراندنەکان دەدرێ، لینکەکە بۆ مانگێک لە رۆژی راگەیاندنەکەوە کارا دەبێ".
ساڵانە لە پەیمانگا و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە هەزاران خوێندکار لە بەشە جیاجیاکان خوێندن تەواو دەکەن و لە ساڵی ٢٠١٤ وە پرۆسەی دامەزراندن بەشێوەیەکی گشتی لە هەرێمی کوردستاندا وەستاوە.