بە پێی ئاماری هاتوچۆی چەمچەماڵ ٦٨٧ ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتوە

‌وێنەی لافاوەکەی چەمچەماڵ

بەڕێوبەری هاتوچۆی چەمچەماڵ لە بارەی زیانلێکەوتوانی ئۆتۆمبێل بە هۆی لافاوەکەی حەوتی ئەم مانگەوە دەڵێت " لە رۆژی هەینییەوە تا ئەمڕۆ لەلایەن لیژنەیەکی هاتوچۆی قەزاکەوە فۆڕم لەو کەسانە وەرگیرا کە بەهۆی لافاوەکەوە زیان بەر ئۆتۆمبێلەکانیان کەوتبوو".

عومەر عەلی، بەڕێوبەری هاتوچۆی چەمچەماڵ، سێ شەممە، ١٦ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، بە میدیاکانی ڕاگەیاند "٦٨٧ فۆرم پڕکرانەوە و لیژنەیەکی پێداچوونەوەش لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی پێکهاتووە کە پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکان دەکات و زیانەکان دەخەمڵێنێت.  ٥٥٥ئۆتۆمبێل خەمڵیندراون و ١٠٠ ئۆتۆمبێلی دیکەشیان ڕەتکراونەتەوە و بەشێکی کەمیشیان ماون".

بەڕێوبەری هاتوچۆی چەمچەماڵ ئاماژە بەوە دەکات، دوای دیاریکردنی زیانەکان و جۆری زیانەکان، وردەکاریەکان دەنێردرێت بۆ نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و دواتر قەرەبوو دەکرێنەوە.

ڕۆژانی ٧ تا ١١ ئەم مانگە شەپۆلێکی چڕی باران بارین لە کوردستان و ناوچەکەدا باری و بەهۆیەوە لافاو لە چەند جێگایەک دروستبوو،  بە کۆی گشتی لە باشوری کوردستاندا پێنج هاوڵاتی گیانیان لە دەستدا و ١٩ هاوڵاتیش بریندار بوون. 




PM:11:00:16/12/2025