ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، ئاشكرایدەکات، لە کۆبوونەوەی دوێنی نێوان یەکێتی و پارتی لە پیرمام باس لە وردەکاری وردی ڕێککەوتنی نێوانیان نەکراوە.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لە لێدوانێکدا رایگەیاند'' کۆبوونەوەی دوێنێ باش بوو، هەردوولا لەگەڵ یەکتری راشکاوبووین، ئەوان تێڕوانینی خۆیان هەیە و ئێمەش تێڕوانینی خۆمان هەیە.''
ئەوەشی ئاشكراکرد کە لە کۆبوونەکە نەچوونە وردەکاریەوە، چونکە لەپێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، کۆبوونەوەکانی نێوانیان هەڵپەسێردرابوون.
وتیشی'' ئومێدەوارین بەرژوەندییە باڵاکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرێنە ئەرکی لەپێشینە.''
لە کۆتایدا ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەڵێت'' ئێستا دۆخێکی دیکەیە و دۆسیەی هەرێمی کوردستان و بەغدادمان لەبەردەستە، ئەو خاڵە ناکۆکانەی هەمانن قووڵ نین، بەڵام تێڕوانینی جیاجیامان هەبوو لەسەر ئەوەی چۆن بتوانین دۆسیەی هەرێمی کوردستان و بەغداد تێهەڵکێشی یەکتری بکەین”.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ هەردوو شاندی یەکێتی و پارتی لە پیرمام کۆبونەوە لەباری کێشەکانی نێوانیان و پێکهێنانی حکومەتی هەێرم بەڵام دوای تەواوبونی کۆبونەوەکە هیچ لێدوان و زانیاریەک لەبارەی کۆبونەوەکە نەدرا.
هاوکات، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا بەڵام تاوەکو ئێستا یەکێتی و پارتی کە ساڵ زیاتر تێپەڕیوە هیچ ڕێککەوتنێکیان بۆ پێکهێنانی حکومەت ئەنجام نەداوە.