ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، دەستگیرکردنی ئەو کەسەی ڕاگەیاند کە کێلی گۆڕی کریستیانەکانی لە شەقڵاوە شکاند.
چوار شەممە، ١٧ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند " دوای ئەوەی لە رۆژی ١٣ـی کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ چەند کێلێکی گۆڕەکانی گۆڕستانیی کریستیانەکان لە شەقڵاوە شێوێندران، دامەزراوەکەمان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ دەستی بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرد، توانیمان ناسنامەی ئەنجامدەری ئەو کردەوەیە بەناوی حوسێن ساڵح موستەفا ئاشکرا بکەین و بە فەرمانی دادوەر و لەلایەن تیمەکانمانەوە دەستگیرکراوە".
ئەنجومەنی ئاسایش باس لەوەش دەکات" تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە لەژێر کاریگەریی خواردنەوە کحولییەکان ئەو کردەوەیەی کردووە".
لەم مانگەدا ئەم جاری دووەمە هێرش دەکرێتە سەر گۆڕی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان، ٤ ئەم مانگە لە گوندی هەرمۆتەی کۆیە بەهەمان شێوە هێرش کرایە سەر گۆڕستانەکەیان، بەلآم تا ئێستا لەبارەی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ئەم تاوانەوە، هیچ زانیارییەکە لە دەزگا ئەمنییەکانەوە رانەگەیەندراوە.