سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت " بە ئەگەری زۆرەوە هەفتەی داهاتوو پارەی مووچەی مانگی ١٠ دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتەکەمان".
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چوار شەممە، ١٧ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، بە میدیای نزیک لە پارتی ڕاگەیاند "هەنگاوەکانی تایبەت بە مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێمەوە تەواوبوون و ١٢٠ ملیار دینار داهاتی نانەوتیی ئەو مانگەش ئامادەیە، بەڵام بۆ ئەوەی بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، چاوەڕێی بڕیاری خەرجکردنی مووچەین لەلایەن بەغداوە. ئەگەر ئەمڕۆ بڕیاری خەرجکردنی مووچە بدەن، سبەی ١٢٠ ملیار دینار دەخەینە سەر هەژماری ئەو وەزارەتە".
"ئەو ڕێکارانەی ماون لەلایەن بەغداوەن نەک ئێمە. ئێستا ئەوە ماوە کە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق واژۆ لەسەر خەرجکردنی پارەکە بکات و ئاراستەی فەرمانگەی ژمێریاری بکات و دواتر ئێمەش دەست بە رێکاری ناردنی ١٢٠ ملیار دینار داهاتی نانەوتی دەکەین، بە ئەگەری زۆرەوە ناردنی مووچەی مانگی ١٠ لەلایەن بەغداوە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو"، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی وا دەڵێت.
ئێستا لە کۆتای ساڵی ٢٠٢٥ نزیک دەبینەوە و تا ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم چارەنووسی سێ مووچەیان دیار نییە.