بەڕێوبەری گشتی خزمەتگوزارییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی باس لەوە دەکات ئەگەر ئەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ حکومەتی عێراق کردویانە جێبەجێ بکرێت، ئەوا مووچەی زیندانیانی سیاسی لە ٥٠٠ هەزارەوە دەبێت ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار.
ئەحمەد مام ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزارییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، چوار شەممە، ١٧ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، لە بارەی زیادکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی بە میدیاکانی ڕاگەیاند "لە ماوەی ڕابردوودا شاندێکی پەیوەندیدار بەو بابەتە لە عێراقەوە هاتنە هەرێمی کوردستان و لەسەر ڕێکار و ڕێنماییەکان قسەمان کرد. ٢٧ تشرینی دووەمی ئەم ساڵ رێککەوتنمان لەگەڵ دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق کرد".
" دۆسیەکە ئامادەکراوە و چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانین، دوای پەسندکردنی، بۆ بەغداد دەینێرینەوە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆ ساڵی داهاتوو مووچەکەیان هاوتای عێراق دەکرێ"، ئەحمەد مام ڕەسوڵ وای ووت.
٢٦ ئاب ٢٠٢٥، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی دا و بەوشێوەیە، هەموو ئەو مافەکانی زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ زیندانیانی سیاسی عێراق یەکدەخرێت. بە گشتی ٢٥ هەزار و ٦١٨ زیندانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراون.