"رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا کراوە"

بە گوێرەی راگەیەنراوی کۆمیتەی دانوستاندنی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا " رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا کراوە".
 
کۆمیتەی دانوستاندنی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە کە"رێککەوتنێکی سەرەتایی کراوە بۆ مانەوەی سێ لیوای سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەنێو پێکهاتەی سەربازیی سوپای سووریادا."
 
وتیشی"گفتوگۆ تەکنیکییەکان لەرێگەی کۆمیتە پسپۆڕەکانی هەردوولاوە بەردەوامن بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی تایبەت بە رۆڵ و پێکهاتەی رێکخستنی، لە چوارچێوەی پرۆسەیەکدا کە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا هەنگاوی کرداری لەگەڵ خۆیدا بهێنێت."
 
راشیگەیاند "ئەم رێچکەیە خاوەنی پشتیوانییەکی نێودەوڵەتیی روونە کە بەرەو چارەسەرێکی سیاسی لەسەر بنەمای گفتوگۆ دەڕوات، لەبەر ئەوەی وەک واقیعیترین بژاردە بۆ زامنکردنی سەقامگیری دەبینرێت."
 
جەختیشی کردووەتەوە، هەر پێشکەوتنێکی بەرچاو پێویستی بە دوورکەوتنەوەیە لە ئاڵۆزییە میدیاییەکان و وتاری رق و کینە، هەروەها گرنگیدان بە تێگەیشتن و هاوبەشی؛ وەک تاکە رێگەی بنیاتنانی چارەسەرێکی هەمیشەیی لە سووریا.
 
رۆژی دووشەممە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥، رێککەوتننامەیەکی ٨ خاڵی لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە، و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا واژۆ کرا.






PM:05:24:18/12/2025