بەڕێوبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێم، باس لەوە دەکات کە لەم ساڵدا ئاستی گلدانەوەی ئاوی بەنداوەکان زیادی کردوە و بەجۆرێک تەنها لە بەنداوی دەربەندیخان سێ مەتر ئاو بەرزبۆتەوە.
پێنج شەممە، ١٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، ڕەحمان خانی، بەڕێوبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، لە بارەی زیادبوونی ئاوی بەنداوەکانەوە بە میدکانی ڕاگەیاند "بەهۆی دوایین شەپۆلەکانی بارانبارینی ئەم وەرزەوە، ٢٥٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە، زۆرترین ئاو لە بەنداوی دەربەندیخانە، کە سێ مەتر ئاستەکەی بەرز بووەتەوە، دوای ئەویش بەنداوی دووکان، کە ئاستی ئاوی بەنداوەکە یەک مەتر و ٨٠ سانتیمەتر بەرزبووەتەوە، بەنداوی دهۆک ئاوی زۆر زیادی نەکردووە و ملیۆنێک مەتر سێجا ئاوی گلدراوەی زیادبووە".
بەنداوی دووکان، گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەنداوی دەربەندیخانیش دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمە کە توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، ساڵی ڕابردوو بە هۆی نەبارینی باران بە پێی پێویست، ترس لای هاوڵاتیان دروست ببوو کە ئاوی بەنداوەکان کەم ببێتەوە و نەتواندرێت پێداویستی پێ پڕبکرێتەوە.