پارتی: بە باشی نازانین گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی هەرێم و فیدراڵ تێکەڵاو بکرێت

‌کۆبونەوەی ئەمڕۆی کۆمیتەی ناوەندی پارتی

کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت " جێگای داخی تاوەکو ئێستا نەتوانراوە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت و کابینەی دەیەم پێکبهێنرێت".

پێنج شەممە، ١٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیاندراوەکەدا ڕایگەیاند " پارتیمان هەر دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە ڕێگای شاندێکی تایبەتەوە سەردانی حزب و لایەنەکانی کوردستانی کرد و دەرگای گفتوگۆی کردەوە بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان،  بەڵام بەشێک لە لایەنەکان ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد کە ڕێز لە بژاردەکەیان گیرا". 

لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کۆمیتەی ناوەندی پارتی وتویەتی "گفتوگۆی نێوان پارتیمان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامبوو و زۆر هەوڵماندا ڕێککەوتنمان نەگاتە کاتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام بەداخەوە یەکێتی نیشتمانی بەهۆی لێکدانەوە و پێشبینی پێشوەختەی هەڵەیان بۆ دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گفتوگۆکانیان بە بێ پاساو درێژ کردەوە، ئێستاش دەرگای گفتوگۆمان بۆ ڕێککەوتن بەگوێرەی ئەنجامەکان و ئیستحقاقاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوەیە و دەبێت ڕێز لە دەنگ و متمانەی خەڵکی کوردستان بگیرێت".

سەبارەت بە ڕێکەوتن لە هەرێم و بەغداد لە ئەنجامی کۆبونەوەکەدا هاتوە "پارتیمان بە باشی نازانێت گفتوگۆی پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ تێکەڵاو بکرێت، پێویستە پرسی هەرێم چارەسەر بکەین پاشان هەنگاوی پێویست و هاوبەش بنێین بۆ بەغدا، لەم بارەشەوە شاندی پارتیمان دەستبەکار بووە". 

 کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی حزبەکە و هەردوو جێگرەکەی ئەمڕۆ لەسەر چەند تەوەرێک کۆبونەوە. 




PM:08:20:18/12/2025