بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی هاوڵاتیانی چەمچەماڵ ئاگادار دەکاتەوە کە دەتوانن لە یەک ڕۆژدا مامەڵەی پاسپۆرتەکانیان تەواو بکەن.
پێنج شەممە، ١٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی ڕایگەیاند " داوا لە هاوڵاتیانی دانیشتووی چەمچەماڵ دەکەین کاتێک مامەڵەی پاسپۆرتیان هەیە و سەردانی بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی دەکەن، لە کاتژمێر ٨:٣٠ـ بەیانی لە ناو بەڕێوبەرایەتیمان ئامادەبن، ئامانجمان لەم کارە ئەوەیە، خزمەتی زیاتری هاوڵاتیانی سنووری چەمچەماڵ بکەین و بەهۆی درەنگ هاتنیان کارەکەیان نەکەوێتە رۆژێکی دیکە، کە بەهۆیەوە تووشی زەحمەتی و خەرجی زیاتر دەبن".
ئەم بڕیارەی بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی دوای ئەوە دێت، کە ڕۆژی ٧ـی ئەم مانگە بە هۆی بارانی بەلێزمەوە لافاو لە سنوری چەمچەماڵ دروست بوو و یەکێک لەو فارمانگە حکومیانەی زیانی بەرکەوت فەرمانگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ بوو، وە بەو هۆیەوە کارەکانی تا ئێستا وەستاوە.