"دوو ڕۆژە پەیامی بەرپرسانی پارتی، بۆنی دوو ئیدارەیی لێدێت"

‌لەتیف نێروەیی- لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی دەڵێت " ئەم جۆرە لێدوان و بیرکردنەوەیە، هیچ نرخ و بەهایەکی نییە و تەنیا بەربەست لە بەردەم ئەنجامدانی دانوستانێکی هاوسەنگ و بەرپرسیارانە دروستدەکات، کە پێدەچێت مەبەستی سەرەکییان هێشتنەوەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بێت، نەک پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی خزمەتگوزار و دادپەروەر".

لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پێنج شەممە، ١٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، ڕایگەیاند "کاتێک بە رێنمایی، میدیای هەردوو لایەن (یەکێتی و پارتی) ئاگادارکراونەتەوە کە بەمەبەستی ڕەخساندنی کەشێکی ئارامتر بۆ ئەنجامدانی دانوستان لە نێوان وەفدی هەردولا کار بۆ رەخساندنی ئەو دۆخە بکەن، میدیا و سەرکردەکانی یەکێتی بە کردەیی پابەندبونی خۆیان بەو رێنماییانە دوپاتکردەوە، بەڵام بەشێک لە سەرکردەکانی پارتی ئەو دۆخەیان بە دەرفەت زانی و دەستیانکردوە بە لێدوان و پەیامی سەیرو سەمەرە و ناوەڕۆکی پەیامی بەشێکیان، بۆنی دوو ئیدارەیی لێدێت".

ئەم لێدوانەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی لە کاتێکدایە کە هەمان ڕۆژ کۆمیتەی ناوەندی پارتی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "جێگای داخە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت و کابینەی دەیەم پێکبهێنرێت"، و یەکێتی نیشگمانی کوردستانی بە هۆکاری پێکنەهێنانی حکومەت تۆمەتبار کرد. 




AM:12:54:19/12/2025