"حکومەتی عێراق دەیەوێت داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم کۆنتڕۆڵ بکات"

حکومەتی فیدراڵی عێراق هەنگاوەکانی چڕکردووەتەوە بۆ گۆڕینی سیستەمی دارایی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دەیەوێت لە ڕێگەی پلانی "گومرگی پێشوەختە"وە، کۆنترۆڵی داهاتی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل لە دەستی هەرێم دەربهێنێت.

سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، بەپێی ئەم پلانە نوێیە، بازرگانان پابەند دەکرێن پێش گەیشتنی کاڵاکانیان، بڕی تێچووی گومرگەکە بخەنە سەر هەژمارێکی بانکیی سەر بە حکومەتی ناوەند لە بەغداد.

بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، ناسنامەی دەروازە سنوورییەکان لە "المنفژ" (کە دەسەڵاتی دارایی و کارگێڕی هەیە) دەگۆڕدرێت بۆ "المعبر" (خاڵی پەڕینەوە)، بە جۆرێک فەرمانبەرانی هەرێم تەنها ئەرکی وردبینی و پشکنینی کاڵاکانیان بۆ دەمێنێتەوە و هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەر کۆکردنەوەی پارەی گومرگدا نابێت.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا بەم پلانە ڕازی نییە. بەرپرسانی هەرێم  پێیان وایە، بەهۆی پێگەی ستراتیژی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل وەک تەنها شا دەماری بازرگانی لەگەڵ تورکیا، عێراق ناتوانێت ئەم فشارە سەر بگرێت و لە کۆتاییدا ناچار دەبێت بە پلانەکەیدا بچێتەوە



PM:12:59:19/12/2025