وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، کۆمەڵێک ڕێنمایی نوێ و وردی بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و ئامێرەکان بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
بەپێی بڕیارە نوێیەکان، مەرجی سەرەکی بۆ هاوردەکردنی هەر جۆرە ئۆتۆمبێلێک، بوونی بڕوانامەی دڵنیایی جۆری (COC) و پابەندبوونە بە بەرزترین ستانداردەکانی سەلامەتی، لەم ڕێنماییاندا دەبێت سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان سیستمی ڕێگری لە خلیسکانیان (ABS) هەبێت و کاتژمێری کارکردنیان دەستکاری نەکرابێت.
هەروەها، پێویستە ئۆتۆمبێلەکان خاوەن کیسەی هەوا (Airbag) بن بۆ شۆفێر و سەرنشین، بە شێوەیەک کە بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک نابێت لە ٢ کیسە کەمتر بێت.
وەزارەتەکە هۆشداری توندی داوە سەبارەت بەو ئۆتۆمبێلانەی کە زیانی گەورەیان پێگەیشتووە و بە (Salvage) ناسراون. هاوردەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە ژێرئاو کەوتوون، سووتاون، یان زیان بەر شەسی و بزوێنەریان کەوتووە، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، تەنها ئەو ئۆتۆمبێلانە ڕێگەیان پێدەدرێت کە زیانی سووکیان هەیە و کاریگەری لەسەر توندوتۆڵی و سەلامەتی گشتی شۆفێر دروست ناکەن.
لە بەشێکی دیکەی ڕێنماییەکاندا، باس لە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان و هایبریدەکان (FCEV) کراوە، کە پێویستە هەمان مەرجی سەلامەتی و وردبینی تەکنیکییان تێدا بێت.
ئەم بڕیارانە لە ڕێکەوتی ١ی ١ی ٢٠٢٦ەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان پێیانەوە پابەند دەبن.