هەسەدە: "داعش" هێشتا هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە

دوابەدوای هێرشە ئاسمانییە بەرفراوانەکانی شەوی هەینی کە چەندین پێگەی "داعشی" لە سوریا کردە ئامانج، هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند" ئەم پاڵپشتییە ئاسمانییە بەردەوامە "ئامرازێکی یەکلاییکەرەوەیە" بۆ ئەوەی رێگری لە رێکخستنەوەی شانەکانی ئەو رێکخراوە بکرێ.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند"  پێزانینی دڵسۆزانەی بۆ هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەردەبڕێت بۆ ئەو هێرشە وردە ئاسمانی و موشەکییانەی لە چەند کاتژمێری رابردودا حەشارگەکانی تیرۆریستانی داعشیان لە سوریا کردە ئامانج،  ئەم پشتگیرییە بەردەوامە ئاسمانییە  هۆکارێکی یەكلاكەرەوەیە بۆ رێگریکردن لە رێکخراوەکە، لە دووبارە گردکردنەوەی شانەكانی یان دەستپێکردنەوەی چالاکییە تێكدەرەكانی".

وتیشی" : داعش هێشتا هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و هەوڵدەدات هەر بۆشایییەک یان سستییەک لە هەوڵە سەربازی و ئەمنییەکان بقۆزێتەوە، بۆیە جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەکەینەوە تا نەهێشتنی یەکجارەکی رێکخراوەکە و تواناکانی."

مەزڵوم عەبدی دەشڵێت"  لە ماوەی ئەمساڵدا هێزەکانمان سەدان ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و سەربازییان لە دژی شانەکانی داعش ئەنجامداوە و سەرکردە مەترسیدارەکانی دەستگیرکردووە و گروپە چالاکەکانی هەڵوەشاندووەتەوە بە پاڵپشتی راستەوخۆی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، جا چ لە ڕێگەی پشتیوانی ئاسمانی بێت یان هەواڵگری".

هێزەکانی سوریای دیموکرات پابەندبونی تەواوی خۆی دووپات كردووەتەوە بۆ بەردەوامبون لە شەڕی داعش و بەرگریکردن لە سەقامگیری و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و پەرەپێدانی هاوکاری لەگەڵ هەموو لایەنەکانی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، لە هەموو ئەو بابەتانەی کە خزمەت بە ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دەکەن.

لای خۆشییەوە سوپای ئه مریکا ڕاشیگه یاند که "هێرشه کانی به کارهێنانی فڕۆکەی شەڕڤانی و هێلیکۆپتەڕی هێرشبردن و تۆپخانەیی بۆ سەڕ زیاتر له ٧٠ ئامانج له ناوەڕاستی سوریا ئەنجامداوە"، ڕاشیگه یاند "زیاتر له ١٠٠ جۆر ته قه مه نی به ڕێنوێنی ورد" له دژی پێگه کانی "داعش" به کارهێنراوه .





AM:09:43:20/12/2025