بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە تەرمی دوو گەنجی بەرەچەلەک عەرەب لە مێرگەپان دۆزرایەوە کە بەهۆی غازەوە گیانیان لەدەستداوە.
شەوی ڕابردوو ١٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، لە ناوچەی گەشتیاریی مێرگەپان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دوو هاووڵاتیی عەرەب بەهۆی " سۆپای غاز"وە گیانیان لەدەستدا.
ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی هەینی باخێکیان لە ناوچەی مێرگەپان کڕیوە و بڕیاریان دابوو بۆ یەکەمجار شەوی ڕابردوو لە باخە نوێیەکەیاندا بمێننەوە، بەڵام لەکاتی خەودا بەهۆی سۆپای غازەوە خنکاون.
بە گوێرەی زانیارییەکان قوربانییەکان هەردووکیان پیاون، یەکێکیان تەمەنی ٢٤ ساڵە و ئەوی دیکەیان ٣٥ ساڵە، هەروەها تەرمەکان گواستراونەتەوە بۆ پزیشکیی دادی سلێمانی بەمەبەستی ئەنجامدانی توێکاری و تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان.