بافڵ تاڵەبانی و ڕەیان کلدانی: دەبێت حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار هەبێت

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون کۆبوونەوە. 

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق و رەخساندنی زەمینەی لەبار لەبەردەم لایەنە سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار کرا.

بافڵ تاڵەبانی، پەرۆشانە جەختی لە سیاسەت و ستراتیجی  یەکێتی کردەوە، بۆ گەیشتن بە حکومەتێکی بەهێز و کاریگەر کە خزمەتی خەڵک بکات بەبێ جیاوازی و ببێتە مایەی سەقامگیریی زیاتر.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ئاستی هەرێمی کوردستان ماوەی ساڵێک زیاترە هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجامدراوە و هێشتا یەکێتی لەگەڵ پارتی ڕێکنەکەوتوە بۆ پێکهێنانی حکومەت. 

هاوکات، لە ڕۆژی ١١ی ١١ی ٢٠٢٥، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و هێشتا حکومەتی عێراقیش پێکنەهاتووە. 




PM:03:23:20/12/2025