سەرۆکی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند'' تائێستا زیاتر لە ١١ ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانکی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ".
عەتا محەمەد، ئەوەشی خستەڕوو، قەرەبووکردنەوەکە قۆناغی یەکەم ماڵەکان دەگرێتەوە و قۆناغەکانی تر دوکان و بازاڕەکان و خاوەن ئوتۆمبێلەزیان لێکەوتووەکان دەگرێتەوە.
وتیشی'' لیژنەیەك بە هاوبەشی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی هەرێم پێکهێنراوە و رۆژی دووشەممە ٢٢ی کانونی یەکەم، دەستدەكات بە دابەشکردنی هاوکارییەکان، هاوکارییە مادییەکانیش لە رێگەی چەک بەسەر ئە ماڵانەدا دابەشدەکرێت کە زیانیان بەرکەوتووە".
عەتا محەمەد دەڵێت'' چاوەڕوان دەکەن هاوکارییە مادییەکان زیاتر ببێت، وەک چۆن لە چەند رۆژی رابردوودا چەند لایەن و خێرخوازێک بەڵێنی ئەوەیان داوە کە هاوکاری مادی بخەنەسەر هەژماری بانکی کۆمسیۆنەکە".
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی ٨ و ٩ی ئەم مانگە، بە هۆی شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز کە ڕووی لە هەرێم کرد بوو لافا و لە چەند ناوچەیەک دروست بوو بەڵام لە چەمچەماڵ زیانێکی ماددی و گیانی زۆری هەبوو.