یەکێتی لەسەر ڕوداوەکەی کارمەندەکەی وەزارەتی پێشمەرگە هاتە دەنگ

ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتی هەولێر، لە بارەی ڕوداوەکەی کارمەندەکەی وەزارەتی پێشمەرگە ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "میران بەکر لە ژێر کاریگەری ماددە کحولیەکان سوکایەتی بە پاسەوانەکانمان کردوە".

شەممە، ٢٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان- هەولێر ڕایگەیاند "میران بەکر کاتژمێر ١٢:٣٠ ـی شەو چووەتە کۆڵانی مەکتەبی سیاسیی و لە ژێر کاریگەریی ماددە کحولییەکاندا، سوکایەتیی بە پاسەوانانی مەکتەبی سیاسیی کردووە، لەلایەن مەفرەزەی مەکتەب سیاسییەوە ناوبراو براوەتە ژووری ئەفسەری بەرپرس و لە دوای دڵنیابوونەوە لە ناسنامەکەی و داوای لێبوردنکردنی، بەڕێزەوە بارەگای مەکتەب سیاسیی بەجێهێشتووە".

هەروەها مەکتەبی سیاسی یەکێتی ووتی "بەشکێک لە خەڵکی گەڕەکەکە شاهیدی ڕووەداوەکەن،  بەڵگەی ڤیدیۆیی ڕووداوەکەشمان لا  پارێزراوە و هەموو بەڵگەکەکان دەدەینە دەست لیژنەی لێکۆڵینەوە و بەپێی یاسای سەربازی رێککاری پێویست ئەنجام دەدرێ".
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگەری هەرێم، لە بارەی هێرشکردنە سەر میران بەکر، بڵاویکردەوە '' بە توندی ئەو ڕووداوە نەخوازراوە ئیدانە دەکەین کە ڕووبەڕووی کارمەندێکی وەزارەت بووەتەوە".

میران بەکر، سکرتێری ڕۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە و کادری یەکێتیە، ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی شەهدیانی هەولێر لەلایەن هێزێکی یەکتیەوە دوای ئەوەی  سەردانی ماڵی هاوڕێیەکی کردوە، فڕیندراوە و ڕوبەڕووی لیدان و توندوتیژی بۆتەوە.




PM:07:38:20/12/2025