پێشبینییەکانی کەشوهەوا لە یەکەم ڕۆژی زستاندا


سبەی یەکەم ڕۆژی زستانە و کەشناسێک پێشبینییەکانی بۆ وەرزی زستانی ئەم ساڵ بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت " پێشبینیەکان باش و دڵخۆشکەرن بەراورد بە زستانی ساڵانی ڕابردوو و ڕێژەی بەفر و باران بارینمان زیاتر ئەبێت، بەتایبەت لەناوچە شاخاویەکان لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا بەفری زیاتر لەسەریان کەڵەکە ئەبێت، لە ناوچە نزمەکانیشدا رێژەکانی باران و بەفر لە ئاستی ئاساییدا چاوەروان دەکرێت".

شەممە، ٢٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی، پێشبینیەکانی بۆ زستانی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ بڵاوکردۆتەوە و ڕایگەیاند " لە کۆتای ئەم مانگەوە ٢٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، تا ناوەراستی مانگی یەک ماوەیەکی باش ئەبێت  و ناوچەکانمان خۆی ئەبینێتەوە لەشەپۆلێکی مامناوەندی بەفر و بارانبارین و وەک شەپۆلەکەی ڕابردوو،  شێداری و گەرمی ناوچەی کەمەرەیی لەگەڵ نابێت و ناجێگیری لە هەوادا لاواز دەبێت و بارانبارینەکان بە سیستەمێکی رێک و پێک دابەش ئەبێت واتا ناوچەی بەرز چری بەفر و بارانبارینی زیاتر ئەبێت و تا بەرەو ناوچەی نزم برۆین بڕی باران کەمتر ئەبێتەوە وە لەناوچە شاخاویە بەرزەکان راستەوخۆ لەبەرزی ١٥٠٠مەتر بە بەفر بارین دەستپێدەکات واتا بۆ ناو شارەکان ئەگەری بارینی بەفر نابێت و ئەگەری گۆرانکاریش تا کاتی نزیکبوونەوە هەیە".

ئەو کەشناسە سەرەتا و ناوەڕاستی ساڵی نوێ بە ساڵێکی بەفراوی باس دەکات و وتویەتی "لە ناوەڕاستی مانگی یەکی ٢٠٢٦دا لەگەڵ بەردەوامی هاتنی بارستە هەواکانی باکور کەشی هەرێمی کوردستان بەردەوام ساردتر ئەبێت لە ئاستی ئاسایی و ئەگەرەکان بەهێزن لەو ماوەیەی ئەو مانگەدا کە ئاماژەمان پێکرد بەفر سەنتەری شارەکانیش بگرێتەوە و سەرمای توندیش لەگەڵیدا دەستپێبکات ، واتا بەگشتی مانگی یەکی ٢٠٢٦ مانگێکی زۆر سارد ئەبێت و بۆ بەفریش ناوچە شاخاویەکان سەروو رێژەی ئاسایی بەخۆوە ئەبینن".

بە پێی ڕۆژمێری ساڵەکان و گۆڕانی وەرزەکان سبەی یەکەم ڕۆژی وەرزی زستانە و تا ٢١ ئادار ئەم وەرزە بەردەوام دەبێت و هەمیشە هاوڵاتیان بە هیواوە چاوەڕێی زستانێکی پڕ لەباران دەکەن بۆ دووربوون لە مەترسیەکانی وشکە ساڵی.




PM:10:51:20/12/2025