یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان دەڵیت "ناکرێت کەسانێک هیچ زیانیان بەرنەکەوتبێت و چاویان لەو پارەیە بێ، هەرکەس زیانی بەرنەکەوتبێت و خۆی بە زیانلێکەوتوو بنووسێت، ئەوە پارەکەی حەرامە و غەدر لەوانی دیکەش دەکات".
عەبدوڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان، ٢٠کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، بە میدیاکانی ڕایگەیاند "هەموو کوردستان چاوی لەوەیە ئەو هاوکارییە گەورەیە بە دادپەروەری و بە ئەمانەوە دابەش بکرێ، چونکە هەر دزی و فێڵ و درۆ و ناعەدالەتییەک لەم نێوەندەدا تاوانە و کارێکی پێچەوانەیە لەگەڵ ئایینی پیرۆزی ئیسلام، داواش دەکەم ئەو قەرەبوە بە شەفافییەوە زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ، تەکیە و شۆڕش قەرەبوو بکەنەوە".
لە هەمان ڕۆژدا سەرۆکی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند '' تائێستا زیاتر لە ١١ ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانکی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ"، بڕیارە ڕۆژی دوو شەممە هاوکارییەکان بەسەر زیانلێکەوتواندا دابەش بکرێت.
ڕۆژی ٧ تا ١١ ئەم مانگە شەپۆلێکی باران بارینی چڕ کوردستان و ناوچەکەی گرتەوە و لە ئەنجامدا لە چەمچەماڵ، کەرکوک، تەکیە، شۆڕش، کەلار لافاو دروست بوو، وە بوە هۆی گیان لەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی ١٩ کەس.