هۆشیار زێباری: پشتیوانی بافڵ تاڵەبانی دەکەین بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار

‌هۆشیار زێباری- ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی

ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی، هۆشیار زێباری ئاماژە بەوە دەکات کە پشتیوانی بافڵ تاڵەبانی دەکەن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام بە هۆی کێشەی زمان و بڕوانامە و لە دایکبونەوە، قورسە لایەنە عێراقیەکان پشتیوانی بکەن. 

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، شەممە، ٢٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، بە کەناڵی شەرقیە نیوزی راگەیاند "ئەم پۆستە مافی کوردە و دەبێت کاندیدی کورد بۆ ئەم پۆستە کۆدەنگی لەسەر بێت نەک لایەنێک کێی بوێت ئەو کاندید بکات، لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانی کاندیدکردنی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەو پۆستە دەکەین".

"بەهۆی کێشەی زمان، بڕوانامە و لەدایکبوونەوە، قورسە لایەنەکانی عێراق پێشوازی لە کاندیدبوونی بافڵ تاڵەبانی بکەن و بیرۆکەکەیان بەدڵ نابێت، بۆیەش پێشبینی ناکەم ناوبراو خۆی کاندید بکات"، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی وا دەڵێت. 

لە بارەی پێکنەهێنانی کابینەی دەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشیار زێباری ووتی "ململانێی ئیرادەیە، چونکە هەرچەندە ڕوانگەی هاوبەشمان داڕشتبوو و پێش هەڵبژاردن بەرکەوتەی باشمان بە یەکێتیدا، بەڵام ئەوان کاتیان کوشت، ئێستاش دۆخەکە گۆڕاوە و ئێمە بەجیا گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی کابینەی حکومەتی کوردستان و عێراق دەکەین".

ئەمە لە کاتێکدایە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئێستادا بە سەردانێک لە بەغدادە و لەگەڵ لایانە جیاوازەکانی بەغداد کۆبونەوەی ئەنجام داوە لە بارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقەوە. 




AM:12:59:21/12/2025