روانگەی سوری: ٥٠ گۆڕی بەکۆمەڵ لە سوریا دۆزرایەوە کە دوو هەزار و ٨٦٥ قوربانی تێدایە

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد کە ڕۆژی یەکشەممە ٥٠ گۆڕی بەکۆمەڵ کە پاشماوەی زیاتر لە دوو هەزار و ٨٦٥ قوربانی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدی تێدایە، دۆزراوەتەوە.

لە راگەیەنراوێکدا ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە" لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە لە ساڵی ٢٠١١ەوە، گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی سوریا دۆزراونەتەوە، ئەمەش ڕادەی ئەو تاوان و دڕندەییە سیستماتیکانەی ڕژێمی پێشوو و میلیشیاکانی لە دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامیانداوە، لەوانە کوشتنی بەکۆمەڵ و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەی دڕندانە" ئاشکرا دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی تا ئێستا دۆزراونەتەوە نزیکەی ٥٠ گۆڕە، کە پاشماوەی زیاتر لە دوو هەزار و ٨٦٥ قوربانی تێدایە، کە ژن و منداڵیشیان تێدایە، کە لە سەرانسەری پارێزگاکانی دیمەشق، حومس، دارا، حەما، دێرەزۆر، ئیدلب و حەلەب بڵاوبوونەتەوە". راشیگەیاندووە" ئەم گۆڕە شایەتحاڵی بێدەنگن بۆ تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تا ئێستاش هەزاران کەسی بێسەروشوێن هەن کە چارەنووسیان نادیارە".

ڕوانگەکە داوای لە سەرجەم لیژنە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەتی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ سوریا و ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، " لێکۆڵینەوەی بەپەلە و شەفاف دەستپێبکەن، شوێنەکانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان وەک بەڵگەی تاوانکاری بپارێزن، کاربکەن بۆ دەستنیشانکردنی قوربانییەکان و گەڕاندنەوەی پاشماوەکانیان بۆ خێزانەکانیان، هەروەها لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانە بکەن کە سەلمێنراوە دەستیان لە بێسەروشوێنکردن و کۆمەڵکوژیەکاندا هەبووە، هەم ڕژێمی پێشوو یان ئەوانەی کە بە ئەنقەست بەڵگەیان لەناوبردووە دوای ڕووخانی".




PM:01:05:21/12/2025