بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی ڕوداوەکەی میران بەکرەوە بڵاوکردەوە و دەڵیت" لە هەبوونی سکاڵای یاسایی، پۆلیس و و لایەنە پەیوەنددارەکان ڕێوشوێنی لێکۆڵینەوە و ڕێکارەکانی پێویست دەگرنە بەر بۆ دەرخستنی راستی و سەروەرکردنی یاسا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان".
یەک شەممە، ٢١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، لە ڕاگەیاندراوێکدا بەڕێوبەرایەی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند "هاووڵاتی میران بەکر عبدالرحمان کە کارمەندی وەزارەتی پێشمەرگەیە و پێشتر سکرتێری رۆژنامەوانی بەرێز وەزیری پێشمەرگە بووە و ئەندام و کادری یەکێتییە، درەنگانی شەوی هەینی ١٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ لە سنووری بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە لایەن چەند چەکدارێکی خۆیانەوە دەستگیر کراوە و ئازاردراوە و دوای ماوەیەک ئازاد کراوە".
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا پۆلیسی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات " بە هیچ جۆرێک رێگا نادرێت هیچ کەس و لایەنێک هەوڵی تێکدانی ئارامی و ئاسایش بدات و ئازادی کەسی و کەرامەتی هاووڵاتیان بە هیچ بیانوێک پێشێل بکات".