گەنجێکی کورد مەترسی لە سێدارەدانی لەسەرە

‌مێحراب عەبدوڵازادە

مێحراب عەبدوڵڵازادە تەمەن ٢٧ ساڵ، کە ئێستا لە بەندینخانەی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگیراوە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، ئاگادارکراوەتەوە کە سزای لە سێدارەدانەکەی پشتڕاستکراوەتەوە.
 
یەک شەممە، ٢١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند " لە لایەن لقی ٩ـی دیوانی باڵای ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەشداربوویەکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە ناوی مێحراب عەبدوڵازادە پەسەندکرا کە پێشتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بەسەریدا سەپێندرابوو".

مێحراب عەبدوڵڵازادە لە پایزی ٢٠٢٢ دەستگیرکرا و هاوینی ساڵی ڕابردوو لە لایەن لقی یەکی دادگەی شۆڕشی ورمێ بەتۆمەتی "بەغی" واتا ئەندامێتی لەو گرووپانەی دژی حکومەتی ئیسلامی چالاکی چەکدارانەیان هەیە، بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

 لە ئێستادا مەترسی لە سێدارەدانی مێحراب بە هۆکاری "کوشتنی بە ئەنقەست" ی ئەندامێکی هێزەکانی بەسیج، کە هێزێکی سەر بە سوپای پاسدارانە، تۆمەتبار کراوە، لە کاتێکدا بە پێی تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە کاتی کوشتنی ئەو ئەندامەی هێزەکانی بەسیج، میحراب نابیندرێت. 

مێحراب عەبدوڵازادە لە ساڵی ١٩٩٨ لە دایکبوە و خەڵکی شاری ورمێیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. 




PM:04:15:21/12/2025